وەزارەتی رۆشنبیری: نابێت شکۆی هاووڵاتییان بکرێتە قوربانیی کێبڕکێی پەخشی راستەوخۆ
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک رێنمایی نوێی ئاڕاستەی دەزگاکانی راگەیاندن و چالاکوانانی سۆشیال میدیا کرد، تێیدا جەخت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم و رەچاوکردنی پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی رۆژنامەگەری دەکاتەوە لە کاتی رووداوە نائاساییەکاندا.
پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا کۆمەڵێک رێنمایی نوێی ئاڕاستەی دەزگاکانی راگەیاندن و چالاکوانانی سۆشیال میدیا کرد.
وەزارەتی رۆشنبیری ئاماژە بەوە دەکات، کە بەهۆی هەستیاریی بارودۆخی ناوچەکە، پێویستە گوتاری میدیایی هاوتەریب بێت لەگەڵ ستراتیژی ئاشتیخوازیی هەرێمی کوردستان و رێگە نەدرێت میدیا ببێتە سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانی.
وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە کە تەنیا سەرچاوەی فەرمی و گوتەبێژە ئەمنییەکان بنەمای زانیاری بن و دوورکەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە بە پێویست دەزانێت.
لە بەشێکی تری رێنماییەکاندا هاتووە، بڵاوکردنەوەی دەستبەجێی وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەکان قەدەغەیە، چونکە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی خەڵک و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات.
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە وەرگێڕانی پەیامی شێوێندراوی میدیا بیانییەکان بڵاوکار لە بەرپرسیارێتی یاسایی نابەخشێت.
سەبارەت بە رووداوە نەخوازراوەکانی وەک کەوتنەخوارەوەی درۆن، وەزارەت رایگەیاندووە: "نابێت کێبڕکێ لەسەر پەخشی راستەوخۆ و شکاندنی شکۆی خێزانە زیانبەرکەوتووەکان بکرێت" و داوا دەکات حەرەمی ماڵ و تایبەتمەندی تاکەکان بە تەواوی بپارێزرێت.