سوودانی: چیدیكە بەرگەی لێدان لە حەشدی شەعبی ناگرین
سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ستایشی قوربانییەکانی هێزی حەشدی شەعبی کرد لە پاراستنی سەروەریی وڵاتدا و رایگەیاند، حکوومەت بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات هێرش بکرێتە سەر چەکدارەکانی حەشد.
پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەردانی بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی کرد و لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکید ەستەکە کۆبووەوە.
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و فەرماندەکانی دەستەی حەشدی شەعبی، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەم هێزە وەک "پێکهاتەیەکی سەرەکیی ناو سیستەمی ئەمنی" دووپات کردەوە.
سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، کە حەشدی شەعبی لەژێر چەتری دەستوور و یاسادا کار دەکات و پابەندی فەرمانە باڵاکانە، هەربۆیە هەر تۆمەتێک بۆ ناوزەندکردنی حەشد وەک هێزێکی دەرەوەی یاسا، بە "چەواشەکاری" وەسف کرد.
باسی لەوەش کرد، حکوومەت چیدیکە بەرگەی لێدان، هێرش و بە ئامانجگرتنی هیچ ئەندامێکی حەشدی شەعبی و هەر ئەندامێکی دیکەی هێزە چەکدارەکان ناکات.
سوودانی جەختی لە رۆڵی مێژوویی حەشد کردەوە لە تێکشکاندنی داعش و پاراستنی یەکپارچەیی عێراق لە دوای فەتوای مەرجەعییەت. هەروەها بڕیاری دا زەوی نیشتەجێبوون بۆ خێزانی کوژراوان و بریندارانی حەشد دابین بکرێت، وەک کەمترین مافی یاساییان.
سوودانی فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کرد، کە بەردەوام بن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، و جەختی کردەوە کە نابێت ڕێگە بدرێت هیچ لایەنێک عێراق پەلکێشی ناو ئەو جەنگە بکات کە لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە، هاوکات دووپاتی کردەوە کە پێویستە پارێزگاریی تەواو لە نێردە دیپلۆماسییەکان بکرێت.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، هەمیشە باڵیۆزخانەی ئەمریکا، نێردە دیپلۆماسییەکان، بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
لە بەرانبەردا ئەمریکا چەندین جار بنکە و بارگەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق، لە ناوچە و پارێزگا جیوازەکانی دیکەی عێراق بە ئامانج گرتووە و چەندین سەرکردەی دیاریان کوژراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.