مەسرور بارزانی: بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی، گەلی سەربەرزی کوردستان، هەر سەردەکەوێت

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی هەڵکردنی ئاگری جەژنی نەورۆز لە قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو.

سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا، پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان و نەورۆزی لە سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستان کرد و گوتی "جەژنی رەمەزان و نەورۆز لە رابەرو سەرکردەی گەورەمان جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین و جەژنتان پیرۆز بێت".

سەرۆکی حکوومەت هەر گوتەکەیدا، ئاماژەی بەوە دا کە "خەڵکی کوردستان بە درێژایی مێژوو بەرانبەر بە زاڵم و ستەمکار وەستاون و هیچ کاتێک خۆیان نەچەماندووە و ئێستاش ئومێدمان وایە لە ژێر سێبەر بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی، گەلی سەربەرزی کوردستان، هەر سەردەکەوێت و بەرانبەر بە هەموو ستەمکارێک دەوەستێت".

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی "ئومێد دەکەین ئاسۆی گەلەکەمان لە ژێر سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی و بە هێز و بازووی پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆڕاگری گەلەکەمان پڕشنگدارتر و رووناکتر بێت".

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت، سوپاسی خۆڕاگری خەڵکی کوردستانی کرد و گوتی "زۆر زۆر سوپاسی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان دەکەین بە تایبەت لەم کاتەدا کە دەبینین شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەماندا هەیە، ئێمە بە هەموو توانایەکمانەوە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی کوردستان لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەک بپارێزین و بەدوور بگرین، دڵنیاشم بە پشتیوانی خوای گەورە بەرەو ئاسۆیەکی رووناکتر هەنگاو دەنێین".

هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لەلایەن سەرۆک بارزانی لە قەڵای هەولێر