داعشە فەرەنسییەکە سزای زیندانی تاهەتایی بۆ دەرکرا
دادگایەکی پاریس دوای ساخبوونەوەی تۆمەتی دەستهەبوون لە جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان لە سووریا و عێراق، سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر داعشێکی فەرەنسی بە ناوی سەبری سەید دا سەپاند.
بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 20ی ئاداری 2026، لە پێنجەم رۆژی دانیشتنی دادگایی تۆمەتبارێکی داعش بە غیابی، دواجار، دادگای تاوانەکان بڕیاری دا کە سەبری سەیدی هاووڵاتی فەرەنیس تاوانبارە بە جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی دژ بە هاووڵاتیانی ئێزیدی.
بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فەرەنسا، یەکەمجارە سزایەکی لەمجۆرە بسەپێنێت، بەڵام لە پێشتر لە ئەوروپا سزای لەمشێوەیە بە سەر ئەندامانی رێکخراوی داعش سەپێندراوە، یەکەمجار لە ساڵی 2021 لە ئەڵمانیا سزایەکی لەمجۆرە دەرکرا، پاشان دادگاکانی سوید و بەلجیکا هەمان بڕیاریان جێبەجێکردن.
مارک سۆمەر، سەرۆکی دادگای پاریس رایگەیاند "سەبری سەید بەشداری لەو جینۆسایدەدا کردووە کە داعش ئەنجامی داوە، ئەو بووەتە بەشێک لەو تۆڕە تاوانکارییەی کە کڕین و فرۆشتنیان بە ژمارەیەکی زۆر ئافرەتە قوربانییە ئێزیدییەکانیان کردووە".
گوتیشی "دادگا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بە روونی دیارە رێکخراوی داعش بە تایبەتی پێکهاتەی ئێزیدیی وەک گروپێکی ئایینی کردووەتە ئامانج."
هەروەها کلیمەنس بێکتارت، پارێزەری قوربانییەکان، ستایشی "بەرهەمی رەنجی 10 ساڵە هەوڵی یاسایی قوربانیانی کرد و گوتی "ئەو ئافرەتە ئازایەتی و پێداگرییەکی زۆریان نیشان دا بۆ شایەدیدان، لە کاتێکدا دەیانزانی تەنیا، رەنگە یەکێک لە تاوانبارەکان لە کۆتایی دا سزا بدرێت."
ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ، سۆفی هاڤار، داواکاری گشتیی پاریس رایگەیاند، هەرچەندە دەنگۆی کوژرانی سەبری سەید لە سووریا هەیە، بەڵام یەكێک بووە لە کەسە سەرەکییەکانی تۆڕە تاوانکارییەکان، کە دەستی لە کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان هەبووە، بۆیە گرنگە ئەمڕۆ دادگا، ئەگەر تاوانبار ئامادەی بەردەم دادوەریش نەبێت، بە غیابی سزای زیندانی تاهەتایی بەسەردا بسەپێنێت.