هۆشیار زێباری: حکوومەتی عێراق توانای کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی نییە

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: کە هێرشە بەردەوامەکەنی میلیشیاکانی عێراق هەوڵێکە بۆ فراوانکردنی مەودای جەنگی ئێران و دروستکردنی "زۆرترین پشێوی". جەختیشی کردەوە، کە ئەم گرووپانە دەیانەوێت تەواوی وڵات پەلکێشی ناو ئەم ململانێیە بکەن.

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی زە ناشناڵ، ئاماژەی بەوە کرد، کە گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق ئامانجیان تێکدانی ئاسایش و هەرێمایەتیکردنی ململانێکانە.

زێباری بە راشکاوی رایگەیاند: "ئەم گرووپانە زیان بە سەقامگیری و ئابووری وڵاتەکەی خۆیان دەگەیەنن."

سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، زێباری ئاشکرای کرد، کە لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا، ناوچەکە رووبەڕووی نزیکەی 300 هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە. ئەم هێرشانە کاریگەریی "کوشندە"یان لەسەر کەرتی گەشتوگوزار، بازرگانی و گەشتە ئاسمانییەکان هەبووە. 

هەروەها گوتیشی: "داخستنی کێڵگە نەوتی و گازییەکان و کایەی ئاسمانی بە واتای وەستانی سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات دێت بۆ هەرێم."

ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرت و گووتی: "حکوومەت توانای وەستاندنی ئەم گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووانەی نییە، سەرەڕای ئەوەی مووچە و شایستە داراییەکانیان لە حکوومەت وەردەگرن."

 ئاماژەی بەوەش کرد، کە هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر باڵوێزخانە و کونسوڵخانەکان وای کردووە وڵاتانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا بەشێک لە کارمەندەکانیان بگوازنەوە، ئەمەش گورزێکی گەورەیە بۆ ناوبانگی نێودەوڵەتیی عێراق.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، هەمیشە باڵیۆزخانەی ئەمریکا، نێردە دیپلۆماسییەکان، بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج.

لە بەرانبەردا ئەمریکا چەندین جار بنکە و بارگەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق، لە ناوچە و پارێزگا جیوازەکانی دیکەی عێراق بە ئامانج گرتووە و چەندین سەرکردەی دیاریان کوژراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.