بارەگای لیوای 52ـی حەشدی شەعبی لە خورماتوو کرایە ئامانج

دەستەی حەشدی شەعبی بڵاوی کردەوە، درەنگانی شەوی هەینی، بنکەیەکی سەربازییان لە قەزای خورماتوو رووبەڕووی بۆردەومانێکی ئاسمانی بووەتەوە و لە ئەنجامدا چەکدارێکیان گیانی لە دەست داوە و چەندین کەسی دیکە بریندار بوون.

دەستەی حەشدی شەعبی، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، ئاشکرای کرد، کە بارەگایەکی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی دیجلە، کراوەتە ئامانجی بۆردوومانێکی ئاسمانی.

بە پێی راگەیەنراوەکە، هێرشەکە درەنگانی شەوی هەینی ئەنجام دراوە و تێیدا بارەگای "فەوجی چوار"ی سەر بە "لیوای 52" لە ناوچەی فڕۆکەخانەی حلێوە لە قەزای دوزخورماتوو کراوەتە ئامانج.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، حەشدی شەعبی پشتڕاستی کردەوە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا یەکێک لە چەکدارەکانیان گیانی لە دەست داوە و چەندین کەسی دیکەشیان بریندار بوون، کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

دەستەی حەشدی شەعبی، لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم جۆرە هێرشانە لە چوارچێوەی زنجیرە دەستدرێژییە بەردەوامەکانی "ئەمریکا و ئیسرائیل دێت کە بە شێوەیەکی سیستماتیک بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دەکەنە ئامانج.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، هەمیشە باڵیۆزخانەی ئەمریکا، نێردە دیپلۆماسییەکان، بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج.

لە بەرانبەردا ئەمریکا چەندین جار بنکە و بارگەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق، لە ناوچە و پارێزگا جیوازەکانی دیکەی عێراق بە ئامانج گرتووە و چەندین سەرکردەی دیاریان کوژراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.