ئه‌مه‌ریكا كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی له عێراق و ئه‌فغانستان راگه‌یاند
پێنتاگۆن به بڕیارێكی تره‌مپ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ناوه

K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پێنتاگۆن" رایگه‌یاند، ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی له هه‌ریه‌ك له وڵاتانی عێراق و ئه‌فغانستان بۆ 2 هه‌زار و 500 سه‌رباز كه‌م كردووه‌ته‌وه.
كریستۆڤه‌ر میله‌ر، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا به وه‌كاله‌ت رایگه‌یاند، له‌سه‌ر فه‌رمانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی كاربه‌ڕێكه‌ری ئه‌مه‌ریكا، ئێستا ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانیان له هه‌ریه‌ك له عێراق و ئه‌فغانستان بۆ 2 هه‌زار و 500 سه‌رباز كه‌م كراونه‌ته‌وه.
میله‌ر گوتیشی: "ئێستا ئه‌مه‌ریكا له هه‌موو كاتێك زیاتر له‌وه نزیك بووه‌ته‌وه كه كۆتایی به‌و جه‌نگه بهێنێت، كه ماوه‌ی نزیكه‌ی 20 ساڵه به‌رده‌وامه" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانمان له عێراق مانای وایه كه توانا سه‌ربازییه‌كانی هێزه عێراقییه‌كان زیاتر بووه".
H.B