سەرۆک بارزانی: نەورۆز ئاگرێکە بۆ بڕوابەخۆبوون و ئازادی و خۆنەچەماندن لە دڵی هەر کوردێکدا
بە بەشداری هەزاران کوردی تاراوگە کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردی ئاهەنگێکی جەماوەری لە شاری بۆنی ئەڵمانیا سازکرد و سەرۆک بارزانی بەشێوەی ڤیدیۆیی گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئاداری 2026، سەرۆک بارزانی لە ئاهەنگی جەماوەری شاری بۆنی ئەڵمانیا بەشێوەی ڤیدیۆیی گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: گەلی کورد هیچ کاتێک دەستبەرداری مافە رەواکانی نەبووە و نەورۆز ئاگرێکە بۆ بروابەخۆبوون و ئازادی و خۆنەچەماندن لە دڵی هەر کوردێکدا، وڵاتانی ئەوروپا بوونە ماڵی دووەمی کوردانی هەر چوارپارچەی کوردان، بەڵام دڵنیام دڵی ئێوە لەگەڵ خاک و نیشتیمان دایە.
هەروەها داوای لە کوردانی تاراوگە کرد، منداڵەکانیان لە زمان و کەلتووری دانەبڕێنن. سەرۆک بارزانی گوتیشی: نەورۆز تەنیا نوێبوونەوەی سرووشت و رێککەوتێک نییە، بەڵکوو بۆ کوردستانیان نیشانەی ئازادی و ژیانەوەیە، نیشانەی دەستپێکێکی نوێ و هەستانەوە و ئومێدی هاتنی رۆژێکی نوێیە.
دەقی گوتاری سەرۆک بارزانی لە فێستیڤاڵی نەورۆز لە شاری بۆنی ئەڵمانیا:
پڕ بەدڵ حەزم دەکرد لەگەڵ ئێوە بەشداری لەو ئاهەنگە پڕ جۆش و خرۆشە بکەم، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی هەیە نەمتوانی بەشداری بکەم.
نەورۆز تەنیا نوێبوونەوەی سرووشت و رێککەوتێک نییە، بەڵکوو بۆ کوردستانیان نیشانەی ئازادی و ژیانەوەیە، هەروەها نیشانەی دەستپێکێکی نوێ و هەستانەوە و ئومێدی هاتنی رۆژێکی نوێیە، نەورۆز هیوای گەلێکی کە هیچ کات دەستبەرداری مافەکانی نەبووە، دوو هەزار و 700 ساڵە ئاگری نەورۆز لە دڵی هەر تاکێکی کورددایە و پەیامە بۆ هەموو جیهان کە ئەم گەلە خاوەن ئیرادەی خۆیە و هیچ ستەمکارێک نەیتوانیوە ئەم ئیرادەیە رابگرێت.
نەورۆز ئاگرێکە بۆ بروابەخۆبوون و ئازادی و خۆنەچەماندن لە دڵی هەر کوردێکدا.
کوردستانیانی هێژا ئێمەی کورد لە هەرشوێنێک بین، ئێمەی کورد لە کوردستان بین یان ئەوروپا و ئەمریکا یان هەر شوێنێکی دیکەی جیهان یەک پەیامی جیهان ئێمە کۆدەکاتەوە، ئەویش ناسنامەی کوردایەتی و خۆشەویستی ئازادییە.
زۆر دڵخۆشم بە بینینی ئەو ژمارە زۆرەی کوردان لە شاری بۆن، کە ئەمەش نیشانەی یەکدەنگی و یەکڕیزییە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کورد لە هەر شوێنێک بن، دەتوانن بە یەک دڵ و یەکدەنگی بۆ ماف و ناسنامەکەیان شانبەشانی یەکتر بوەستن، ئەمە رێگەی راست و رزگاربوونە، داوا لە ئێوە دەکەم ئەم یەکڕزییە و یەکدەنگییە بپارێزن، ئێستا ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین هەموولایەک چاوی لەسەر کوردە، ئەگەر ئێمە بۆخۆمان هەبین و یەکڕیز و پشت و پەنای یەکتربین دڵنیابن جیهانیش دۆست و پشتیوانی ئێمەیە.
وڵاتانی ئەوروپا بوونە ماڵی دووەمی کوردانی هەر چوارپارچەی کوردان، بەڵام دڵنیام دڵی ئێوە لەگەڵ خاک و نیشتیمان دایە، داوا لە ئێوە دەکەم منداڵەکانتان لە زمان و کەلتووری کورد دانەبڕێت، هەر کوردێک لە دەرەوە دەژیت پێویستە باڵیۆزێک بێت پڕ لە نەتەوەکەی ونموونەیەک بێت لە شارستانی و بەهای نەتەوەکەی بێت، رێز لە یاسای ئەو وڵاتانە بگرن کە تێیدا دەژین، کە بۆ ئێوە وەک پەناگەیەک بووە.
کوردستانیانی هێژا و خۆشک و برایانی خۆشەویست، جێگەی دڵخۆشییە رۆژئاوای کوردستان، لە کارەسات و نەهامەتییەکان هاتە پاراستن، هیوادارم، رێز لە ماف و داخوازییەکانی کورد لە سووریا بگیرێت، هەروەها پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکەین لە تورکیا و هیوادارین بگاتە ئەنجامێکی باش، لە خزمەت هەموولایەک بێت، لە کاتی ئێستادا کە جیهان پڕە لە گۆڕانکاری گەورە و بەداخەوە ناوچەکەمان بە شەڕ و ئاڵۆزی تێدەپەڕێت، لەم بارودۆخە ناهەموارە دا کە جیهان بەگشتیی پێویستی بە ئاشتی و ئارامی هەیە، پەیامی گەلی کورد هەمووکات ئاشتی و ئارامی بووە، هەموو هەوڵێکی ئێمە بۆ ئەوە بووە هەرێمی کوردستان بەشێک نەبێت لەم شەڕ و ئاڵۆزییانە، هیوادارین خوشک و برایانی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە هەرێمی کوردستان لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان پارێزراوبن.
لە کۆتاییدا دووبارە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە ئێوە دەکەم و هیوای ساڵێکی خۆش و بەختەوەرتان بۆ دەخوازم، لێرەوە داوا لە ئێوە دەکەم، وەک خوشک و برا پشت و پەنای یەکتربن و بەها و پرەنسیپەکانی نەتەوەیی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و هزر و ئایدۆلۆژیایەک بێت، ئێمە هەموومان لە کوردستان ئومێد و هیوای زۆرمان بە هێز و توانا و کاریگەری رەوەندی کوردی و کوردانی دەرەوەی کوردستان هەیە، بۆ بەهیزکردن و ناساندنی دۆزی رەوای گەلی کورد بە جیهان، نەورۆز وساڵێکی خۆش بۆ ئێوە و ئومێدی زۆرم بە دواڕۆژی گەلی کورد هەیە و سەرکەوتنیش هەر بۆ ئێمەیە، سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادی لە هەر شوێنێک بن، بە پێویست دەزانم سوپاسی کۆنفیدراسۆنی کوردستانی بکەم، بۆ ئەو ئەزیەتەی کێشاویانە، نەورۆزی ئێوە پیرۆز و هەردەم لە خێر و خۆشی دابن.