جۆ کێنت: ترەمپ تەنیا دەنگی ئەو بازنە داخراوانەی دەبیست کە داوای جەنگیان دەکرد

بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندیی نیشتمانیی دژەتیرۆری ئەمریکا ڕایگەیاند، لایەنگرانی جەنگ لە واشنتن و تەلئەڤیڤ سەرکەوتوو بوون لە پاڵنانی دۆناڵد ترەمپ بەرەو بژاردەی سەربازی دژی ئێران، سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەر هەڕەشەی راستەوخۆ.

شەممە، 21ـی ئاداری 2026، جۆ کێنت، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی نیشتمانیی دژەتیرۆری ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ئاشکرای کرد، کە سەرکردە ئیسرائیلییەکان و هاوپەیمانەکانی ترەمپ، "ژوورێکی دەنگدانەوەیان" لە دەوری ترەمپ دروست کردبوو و بۆ چەندین مانگ فشاریان لێ دەکرد بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی سەربازی.

کێنت گوتی: "ترەمپ گۆشەگیر کرابوو و تەنیا دەنگی ئەو بازنە داخراوانەی دەبیست کە داوای جەنگیان دەکرد."

ئاماژەی بەوەش کرد، ناتانیاهۆ و لایەنگرانی جەنگ ترەمپیان قایل کردبوو کە لێدانەکە خێرا و ئاسان دەبێت، بێ ئەوەی لێکۆڵینەوەی پێویست بۆ لێکەوتەکان بکرێت.

17ـی ئاداری 2026، جۆ کێنت، بەڕێوەبەری ناوەندیی نیشتمانیی دژەتیرۆری ئەمریکا،  بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند. هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی بۆ دژایەتیکردنی جەنگی ئەمریکا لە دژی ئێران گەڕاندەوە، هەروەها هەڵگیرسانی ئەو جەنگەشی بە فشاری ئیسرائیل لە قەڵەم دا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.