ئێران: بەهۆی هێرشەکەی سەر بەندەری بوشەهرەوە، زیانێکی زۆر بەر کەشتییە گەشتیارییەکان کەوتووە
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە ئەمرۆ بەندەری بوشەهر لە باشووری وڵات بە ئامانج گیراوە و چەندین کەشتیی ماسیگرانی ئەم ناوچەیە تەقێنراوەتەوە.
تەلەفزیۆنی ئێران دیمەنی سووتانی ئەو کەشتییانەی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندووە هێرشەکان دوو لەنگەرگای بەندەرەکەیان کردووەتە ئامانج، یەکێکیان بۆ ماسیگرتن و ئەوی دیکەیان بۆ کەشتییە گەشتیارییەکان بەکاردەهێنرا.
راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە روو کە هێرشەکە زیانی زۆری بە دامەزراوەکان و ئەو کەشتییە گەشتیارییانە گەیاندووە کە لە لەنگەرگاکە لەنگەریان گرتووە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی قوربانییانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.
لە راپۆرتەکەی تەلەفزیۆنی ئێراندا ئاماژە بەوەش کراوە بەشێک لەو کەشتییانەی لەم هێرشەدا بە ئامانج گیراون لە نێوان بوشەهر و دورگەی خارگدا لە هاتوچۆدا بوون، بەڵام هیچ چالاکییەکی سەربازییان نەبووە.