عێراق و عومان هەوڵی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەکەن
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و بەدیهێنانی سەقامگیریی ناوچەکە.
وەزارەتی دەرەوەی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئاداری 2026، فوئاد حوسێن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان کردووە و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە، کە بەهۆی بەردەوامی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، دۆخی ناوچەکە بە نا سەقامگیریی تێدەپەڕێت.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەردوولا ئاماژەیانداوە، کە جەنگ و ئاڵۆزییەکان بوونەتە هەڕەشە لەسەر سەقامگیریی وڵاتانی دیکەی کەنداو، ئەمەش لێکەوتەی نەرێنی بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی دەبێت، هەربۆیە باسیان لە ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی کردووە.
هەروەها جەختیان لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردووەتەوە، بۆ هەماهەنگی و یەکهەڵوێستی لە پێناو دەسپێکردنی پرۆسەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوجەکە بگەڕێتەوە.
لە بەرە بەیانی 28ی شوباتی ئەمساڵەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی چڕیانکردە سەر تاران و چەند پارێزگایەکی دیکەی ئێران دەستپێکرد، دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک، ئیسرائیل کوشتنی عەلی خامەنیی رێبەری کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند.