هۆشداری له‌باره‌ی ترلیۆنان دیناری حه‌شدی شه‌عبی له عێراق ده‌درێت
K24- هه‌ولێر:
په‌یمانگه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی له راپۆرتێكدا باس له هه‌ندێك مه‌ترسی گه‌وره ده‌كات، كه په‌یوه‌ندیان به ئایندهی ئابووری عێراق و تواناكه‌ی له دابینكردنی پێداویستییه سه‌ره‌كیه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و گرووپه نیمچه سه‌ربازیانه‌ی له‌و وڵاته هه‌ن به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بن و كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن.
له راپۆرته‌كه‌دا كه له‌لایه‌ن په‌یمانگه‌ی "برۆكینگز"ی ئه‌مه‌ریكی بۆ توێژینه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، تیشك خراوه‌ته سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و كورتهێنانه‌ی له بودجه‌ی ئه‌مساڵی عێراقدا هاتووه‌ته ئاراوه، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به پشكی هێزه ئه‌منییه كلاسیكییه‌كان یان حه‌شدی شه‌عبییه‌وه هه‌یه.
راپۆرته‌كه كه له‌لایه‌ن مارسین شه‌مه‌ری، توێژه‌ری عێراقییه‌وه ئاماده كراوه، ئاماژه به‌وه ده‌دات، فشاره داراییه‌كان و قه‌یرانی ئابووری، كه به‌هۆی په‌تای كۆرۆناوه هاتوونه‌ته ئاراوه و داته‌پینی نرخی نه‌وت نه‌بوونه رێگر له‌به‌رده‌م حكومه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی بودجه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ساڵی 2019 پێشكه‌ش بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشكی هێزه ئه‌منییه‌كانی له بودجه‌ی ساڵی 2021 زیاتر كردووه.
ئه‌و تویژه‌ره نووسیویه‌تی: رێژه‌ی 9.9%ی پشكی زیادكراو بۆ هێزه ئه‌منییه‌كان، بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری ته‌رخانكراوه، 9.7% بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، 10.1% بۆ ده‌زگای دژه‌تیرۆر ته‌رخانكراوه، به‌ڵام زۆرترین پشكی زیادكراو تایبه‌تكراوه به حه‌شدی شه‌عبی، كه ژماره‌یه‌ك گرووپی سه‌ر به ئێران له‌خۆ ده‌گرێت و به به‌راورد له‌گه‌ڵ بودجه‌ی ساڵی 2019، به‌ڕێژه‌ی 45.7%ی ئه‌و پشكه زیادكراوهی بۆ هێزه ئه‌منییه‌كان دیاریكراوه، بۆ ئه‌و گرووپانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ته‌رخانكراوه، واتا زیاتر له 2 ترلیۆن و 400 ملیار دینار.
راپۆرته‌كه ده‌ڵێت: ئه‌و هه‌نگاوه‌ی حكومه‌تی عێراق توانای ئابووریی گرووپه چه‌كداره‌كان و قه‌واره سیاسییه‌كانی سه‌ر به‌و گرووپانه زیاتر ده‌كات، له‌كاتێكدا عێراق به قه‌یرانێكی سه‌ختی داراییدا گوزه‌ر ده‌كات. هه‌روه‌ها ده‌كرێت ببێته هۆی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی كاتی ده‌نگدان ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه و به‌شێك له حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌و پاره‌یه ده‌نگی جه‌ماوه‌ر بكڕن.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی "برۆكینگز"، كه باره‌گاكه‌ی له واشنتنه، به‌شێك له‌و گرووپانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كۆنترۆڵی ناوچه سنوورییه‌كان و ئه‌و ناوچانه‌یان كردووه، كه پڕۆژه‌ی بونیادنانه‌وه‌یان تێدا ئه‌نجام ده‌درێن، ئه‌مه‌ش واده‌كات له رێگه‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كان و ئه‌و پڕۆژانه‌وه، داهاتێكی زیاتر بۆ ئه‌و گرووپانه له بازاڕه ناشهرعییهكانهوه فه‌راهه‌م بكرێت و ده‌رفه‌تی كاریش بۆخۆیان قۆرخ بكه‌ن، له‌كاتێكدا زۆرترین ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق به‌ده‌ست بێكارییه‌وه ده‌ناڵێنن.
راپۆرته‌كه پێشبینی ئه‌وه‌شی كردووه، لایه‌نه سیاسییه عێراقییه‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبین، خۆیان زیاتر به‌ڕووی جه‌ماوه‌ردا بكه‌نه‌وه، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتگیرییه‌كی زیاتری خه‌ڵك، هه‌روه‌ك له هه‌ڵبژاردنی پێشوودا له ساڵی 2018ـش هه‌مان تاكتیكیان به‌كارهێنا، كاتێك شه‌ڕی داعش و بێكارییان به‌ده‌رفه‌ت وه‌رگرت بۆ دامه‌زراندنی ژماره‌یه‌كی زیاتری چه‌كداران له ریزه‌كانیان.
كۆتایی راپۆرته‌كه به‌وه هاتووه، كه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره چاوه‌ڕێی ئابووری عێراق و تواناكه‌ی له دابینكردنی پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانی هاووڵاتییان ده‌كات، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌و گرووپه نیمچه سه‌ربازییانه به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بن و كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، هێشتا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پڕۆژه یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021ی په‌سه‌ند نه‌كردووه، له‌كاتێكدا نرخی دینار به‌رامبه‌ر به دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له هه‌زار و 190 دیناره‌وه بۆ هه‌زار و 450 دینار بۆ هه‌ر دۆلارێكی ئه‌مه‌ریكی دابه‌زێندراوه.
پێشبینیش ده‌كرێت، عێراق ئه‌م ساڵه ناسه‌قامگیره‌ی ئابووری به رێژه‌ی 11% پاشه‌كشه له گه‌شه‌ی به‌رهه‌مهێنان و به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری بۆ له 40% به‌ڕێ بكات، كه به‌گوێره‌ی ئامارێكی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌و وڵاته 40 ملیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاندووه.
H.B