فەرەنسا: چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران مەترسیدارە
K24 - ھەولێر
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بە مەترسیدار ناودەبات و داواش دەکات پرسی مووشەکی بالیستی و تێکدادانی سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ لەلایەن تارانەوە بخرێتە چوارچێوەی دانووستانەکانەوە.
ژان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئێران دەیەوێت توانا ئەتۆمییەکانی بونیاد بنێت و ئەمەش مەترسیدارە و پێویستە دەستبەجێ وەڵامی تاران بدرێتەوە و هەوڵیش بۆ گێڕانەوەی ئێران و ئەمەریکا بۆ نێو رێککەوتنی ئەتۆمی بدرێت".
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتیشی "جگە لە چالاکییە ئەتۆمییەکان پێویستە لە دانووستانەکاندا پرسی مووشەکی بالیستی و تێکدادانی سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ لەلایەن ئێرانەوە تاوتوێ بکرێن".
دوێنێش فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە ئێران کرد، دەستبەجێ پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت.