شێخ جەعفەر: بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هیچ بیانوویەک قبوڵکراو نییە

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییەی سه‌ر بارەگای فیرقەی 7ـی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی سپیلکی سنووری قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد.

ئەمرۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر هێزەکانی پێشمەرگە گوتی: بە توندی سەرکۆنە و ئیدانەی ئەو هێرشە موشەکییەی سه‌ر بارەگای فیرقەی 7ـی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی سپیلکی سنووری قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەم، گوتیشی: بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە پێشمەرگەکانی ئەم بارەگایە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم دۆخە ناهەموارەی کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دەوروبەرمانەوە رووی لە هەرێم و ناوچەکەمان کردەوە جێگەی نیگەرانی هەموو لایەکمانە، کە ئامانج تیایدا تەنها تێکدانی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەیە، دەشڵێت، چونکە هەرێمی کوردستان بەهیچ جۆرێک بەشێک نەبووە لەم ئاڵۆزیی و شەڕ و پێکدانانەی کە لە نێوان چەند ووڵاتێکدا هاتۆتە ئاراوە، بەردەوامبوونی ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هیچ بیانوویەک قبوڵکراو نییە، چونکە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بۆ ناوچەکە دەهێنێتە ئاراوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا شێخ جەعفەر پرسە و سەرەخۆشی خۆی بە خانەوادە و کەسوکاری شەهیدەکان راگەیاند و هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.