سەرۆکایەتی کۆماری عێراق: بۆردوومانکردنی پێشمەرگە بە توندی سەرکۆنە دەکەین
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو بۆردوومانە دەکات کە هێزەکانی پێشمەرگەی کردە ئامانج و بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگە؛ راشیدەگەیەنێت پێشمەرگە بەشێکی سەرەکیی سیستەمی بەرگریی نیشتمانییە.
سێشەممە 24ی ئاداری 2026، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنە و ئیدانەی توندی ئەو بۆردوومانەی کرد کە هێزەکانی پێشمەرگەی کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەک و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە.
سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی پێشمەرگە وەک بەشێکی سەرەکیی سیستەمی بەرگریی نیشتمانی بوون و دەمێننەوە، هەروەها بەشێوەیەکی کاریگەر بەشدارییان لە بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریدا کردووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان دەکەین و بە شکۆوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە دەکەینەوە کە گیانی خۆیان لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریدا بەخت کرد، هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین."
سەرۆکایەتی کۆمار جەختی لەسەر پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و رەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان کردەوە، هاوکات دووپاتی کردەوە کە گرنگە هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان هەموو هێزە نیشتمانییەکاندا بەهێزتر بکرێت، بەو مەبەستەی ئاسایشی وڵات و خوێنی رۆڵەکانی بپارێزرێت.