مەکتەبی سیاسیی پارتی: هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبووەتە بەشێک لە ململانێ و گرژییەکان
مەکتەبی سیاسیی پارتی، وێڕای بە توندی سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە ناڕەوایەی کە کرایە سەر هێزی پێشمەرگە، جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبووەتە بەشێک لە ململانێ و گرژییەکان، بەڵکوو هانی هەموو لایەنەکانی داوە بۆ گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ، بەردەوامیش جەختی لەسەر سیاسەتی ئاشتیخوازانەی کوردستان کردووەتەوە.
سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ناڕەوا و بێ پاساوە دەکەین، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر هێزی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بە داخەوە بووە بەهۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی دڵسۆز، هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەردەبڕین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی، جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبووەتە بەشێک لە ململانێ و گرژییەکان، هاوکات هانی هەموو لایەنەکانی داوە بۆ گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ، بەردەوامیش جەختی لەسەر سیاسەتی ئاشتیخوازانەی کوردستان کردووەتەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بە داخەوە هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە چەندین هێرشی ناڕەوا و دوژمنکارانە کراونەتە سەر هەرێمەکەمان کە دواترینیان هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوو بە مووشەکی ئێرانی، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لەو پەرەسەندنانە دەڕوانین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی، دەڵێت: چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی فیدراڵ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە کە هەچی زووە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان دابنێن و بە ئەرکی دەستووری خۆیان هەڵسن بۆ پاراستنی هاووڵاتییان.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکە، مەکتەبی سیاسیی پارتی، داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان دەکات، "کە بە یەکگوتاری و هاوهەڵوێستی دژی ئەو پەرەسەندنانە بوەستینەوە و پەیام و هەڵوێستی نیشتمانیانەمان بەرانبەر ئەو پێشێلکاری و ستمە نیشان بدەین کە دەرهەق بە هاووڵاتییان و هەرێمەکەمان دەکرێن."