رێکارە نوێیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئاسایشی زانیاری و سەنگەرەکان
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، کۆمەڵێک رێنمایی و بڕیاری نوێی بۆ گشت ئەفسەر و پێشمەرگەکان دەرکرد، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی زانیاری و پاراستنی شکۆی سەربازیی هێزەکان.
سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە راگەیەنراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، هێنانەژوورەوەی میدیاکان بۆ ناو بارەگا سەربازییەکان و وێنەگرتنی سەنگەرەکان و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
هەروەها دووپاتی کردەوە، کە پێدانی هەر جۆرە زانیاری و لێدوانێک بە دەزگاکانی راگەیاندن لەلایەن ئەفسەر و پێشمەرگەکانەوە قەدەغەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی توندترین سزای سەربازی و کارگێڕی دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوای لە هاووڵاتییان کردووە، هەر پەیج و ئەکاونتێک کە بە ناوی پێشمەرگەوە زانیاریی نهێنی بڵاو دەکاتەوە، لینکیان بۆ بنێرن تا رێکاری یاسایی بەرامبەر بگرنە بەر.
بە پێی راگەیەنراوەکە، پێویستە ئەفسەرانی راگەیاندن و هۆشیاری لە یەكە سەربازییەكان، ئۆپەراسیۆنەکان، هەواڵگری، چاودێریی وردی تەواوی جموجوڵەکانی پێشمەرگە و ئەفسەران بکەن و هەروەها ئەو رێنماییانە بڵاو بکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی، ئاماژەی بەوە کرد، "بە وردی چاودێری سۆشیال میدیا دەكەین بۆ هەر سەرپێچییەك و وەرگرتنی رێكاری سەربازی و یاسایی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرووی خۆمان."