مەسرور بارزانی سوپاسی پەیوەندیی هاوخەمیی هاکان فیدانی کرد
وەزیری دەرەوەی تورکیا، بەهۆی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی بالیستیی ئێرانی، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی و وڵاتەکەی، بە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیاند.
ئێوارەی ئهمڕۆ سێشهممه، 24ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوه پێ گهيشت.
ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: وەزیری دەرەوەی تورکیا، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی و تورکیای بە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیاند بۆ شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە لە ئەنجامی هێرشی مووشەکی بالیستیی ئێرانی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە.
هاوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا، هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ پێشمەرگە بریندارەکان خواست.
لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پەیوەندی و هاوخەمیی وەزیری دەرەوەی تورکیای کرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە شەش مووشەکی بالیستیی ئێرانی، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فیرقەی پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران. لە ئەنجامی هێرشەکاندا، شەش پێشمەرگە شەهید و 30ـی دیکەش بریندار بوون.