ماکرۆن بۆ پزیشکیان: پێویستە هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە رابگیرێن
سەرۆکی فەرەنسا داوای لە سەرۆککۆماری ئێران کرد، کە ژێرخانە مەدەنی و وزەییەکان بپارێزێت و ئازادی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا دەستەبەر بکاتەوە، هاوکات هۆشداریی دا لە لێکەوتەکانی بەرنامە ئەتۆمی و بالیستییەکەی تاران.
سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەنجام دا.
سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: گفتوگۆیەکی گرنگی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەنجام داوە.
ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەو هێرشە قبووڵنەکراوانە بهێنرێت کە وڵاتانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لەسەر سێ تەوەری سەرەکی کردەوە:
یەکەم: پاراستنی تەواوەتیی ژێرخانە مەدەنی، وزەییەکان و گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا.
دووەم: ماکرۆن داوای لە ئێران کرد بە "نیەتپاکییەوە" بچێتە ناو پرۆسەی گفتوگۆکان، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و دەستەبەرکردنی چوارچێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت، سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمی و بالیستییەکەی ئێران و ئەو چالاکییانەی دەبنە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سێیەم: ماکرۆن پرسی هاووڵاتییە فەرەنسییە دەستبەسەرکراوەکانی لە ئێران وروژاند و داوای کرد لە زووترین کاتدا هەردوو هاووڵاتیی فەرەنسی "سێسیل کۆهلەر" و "ژاک پاریس" رێگەیان پێ بدرێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
ئەم پەیامەی ماکرۆن لە کاتێکدایە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیاری ململانێکاندا تێدەپەڕێت و فەرەنسا هەوڵ دەدات رۆڵێکی نێوەندگیری کاریگەر بۆ رێگری لە فراوانبوونی جەنگ بگێڕێت.