عێراق.. چوار تۆمەتباری هێرشە مووشەکییەکەی سەر خاکی سووریا دەستگیر کران

هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانییان چوار کەس دەستگیر بکەن کە لە ناحیەی "رەبیعە"ـوە چەند مووشەکێکیان ئاراستەی خاکی سوریا کردبوو، حکومەتی عێراقیش هێرشەکە وەک کارێکی "تاوانکاری" و دوور لە حیکمەتی سیاسی وەسف دەکات.

سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کۆمەڵێک تاقمی "لەیاسا دەرچوو" هەستابوون بە ئاراستەکردنی چەند مووشەکێک لە ناحیەی "رەبیعە"وە بەرەو خاکی سووریا، کە بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (کیا)یان بەکارهێنابوو.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، باسی لەوە کرد، رووداوەکە لە کاتژمێر 8:20 خولەکی شەوی رابردوو رووی دا؛ دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکانمان بە پاڵپشتیی دەزگا هەواڵگرییەکان کەوتنە جوڵە و توانییان چوار لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستگیر بکەن و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا بگرن.

هاوکات ئاشکرای کرد، لێکۆلێنەوە لەگەڵ تۆمەتباران دەستی پێکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا گەڕان و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی تەواوی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لەم "کارە تاوانکارییە" بەردەوامە.

فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان دووپاتی دەکاتەوە، کە عێراق بە تەواوی پەرۆشی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێیە و، بەپێی بنەما نەگۆڕە دەستووری و یاساییەکان، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن خاکی وڵات ببێتە سەرچاوەیەک بۆ ئەنجامدانی دەستدرێژی و هێرش بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دیکە.