راگه‌یندراوێك له ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێره‌وه
ژماره‌یه‌ك رێكار و بڕیاری نوێی ده‌ركرد.. هه‌ركه‌س پابه‌ند نه‌بێت رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێته‌وه

K24- هه‌ولێر:
له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر له چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنادا ژماره‌یه‌ك بڕیار و رێنمایی نوێی ده‌ركرد و دووپاتی كرده‌وه، هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك پابه‌ندی بڕیاره‌كان نه‌بێت رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێنه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش چه‌ند لیژنه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیداریان بۆ چاودێریكردنی دۆخه‌كه و ئاستی بابه‌ندبوونی هاووڵاتییان پێكهێنراون و بڕیاره به‌رده‌وام سه‌ردانی قوتابخانه و فه‌رمانگه‌كان بكه‌ن.
له هه‌موو بارێكیشدا بڕیاره‌كانی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هه‌ولێر جه‌خت له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ده‌مامك ده‌كاته‌وه.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر:
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە 2021.1.17، به‌سه‌رپه‌رشتی هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و بەئامادەبوونی ئەندازیار عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و تەواوی ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبووە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:-
یەکەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وێڕای پابەندبوونی بە بەیانی ژمارە (1)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بڕگەکانی، بڕیاریدا دوو لیژنە بەسەرپەرشتی پارێزگای هەولێر و ئەندامیەتی هەریەك لەنوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر پێکبهێنرێت، بۆ چوونە ناو ناوەندەکانی خوێندن و چاودێریکردنی قوتابیان و خوێندکاران بۆ پابەندبوونیان لە بەکارهێنانی (دەمامك) و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان.
دووەم/ پێکهێنانی لیژنەیەك بۆ سەردانیکردنی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومیەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و چاودێریکردنی فه‌رمانبه‌رانیان لەکاتی دەوام بۆ پابەندبوونیان لە بەکارهێنانی (دەمامك) و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان، هەروەها گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو هاووڵاتی و موراجعانەی کە بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان به‌بێ به‌ستنی (ده‌مامك) دەچنە ناو فه‌رمانگه‌کان.
سێیەم/ داوا لەهاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، پابەندبن بەڕێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، بەتایبەتی بەستنی (دەمامك)، هەرکەسێك رەچاووی بەستنی (دەمامك) و رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.
چوارەم/ هەموو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانییەکان، بازار، چێشتخانه)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکەن لەبەستنی (دەمامك، دووری مەودای نێوان هاووڵاتییان، دروستنەکردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاووڵاتییان لەسەر زەوی، بەتایبەتی لای کاشێری مۆڵ و مارکێتەکان و پێشوازی هۆتێل و مۆتێلەکان)، هه‌رشوێنێك ئەم رێنماییانە بەتایبەتی بەستنی (دەمامك) جێبهجێنهكات، لیژنەی قایمقامییەتەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون، ده‌ستبه‌جێ شوێنەکە دادەخەن.
پێنجەم/ هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیاندا پابەندی رێناماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامك) ببەستن، هەر کەسێك سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ رێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر، بە پێبژاردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی.
شەشەم/ ئەو شوێنانە لە کاتژمێر 12ی شەو دادەخرێن:-
(یانه‌ی شه‌وانه، نێرگهلهكێشان، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه (بار)، میوزیك لایف، ئاهه‌نگی شه‌وانەی یانەکان)
حەوتەم/ ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە:-
(هۆڵه‌كانی بووك گواستنه‌وه، هه‌موو جۆرە گردبوونەوە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەك).
هه‌شته‌م/ پرسەدانان لە (هۆڵ، ماڵ، ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەك بەرپرسیارن، هەرکەسێك پابەند نەبێت، رێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
نۆیەم/ هاوینەهەوار و شوێنە گەشتییاریەکان، دەبێت رەچاوی رێکارەکانی خۆپارێزی بکەن و خۆیان و گەشتییارانیان پابەند بن بە بەستنی (دەمامك)، هەرشوێنك پابەند نەبێت، رێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2021.1.17
H.B