مەجید مووسەوی: هێرشەکانی سەر دیمۆنا و حەیفا وەڵامێکی روون بوون بۆ واشنتن
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، هۆشداریی توند دەداتە دۆناڵد ترەمپ و رایدەگەیەنێت، کە هەر جۆرە هەڕەشە و مۆڵەتێکی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی، وەک راگەیاندنی جەنگی راستەوخۆ دەبینرێت.
چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" پەیامێکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و رایگەیاند: "پێویستە ترەمپ لەوە تێبگات کە هەر هەڕەشە و مۆڵەتێک بۆ سەر ئێران، بەشێکە لە کردەی جەنگی."
مووسەوی ئاماژەی بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی کرد و جەختی کردەوە کە؛ ئەو گورزانەی لە کاتژمێرەکانی رابردوودا ئاراستەی خاڵە ستراتیژییەکانی "دیمۆنا" و "حەیفا" کراون، جیا لەوەی بەشێکن لە ستراتیژییە سەربازییەکانی ئێران، لە هەمان کاتدا پەیامێکی روون و بێپەردە بوون بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشە "2 رۆژی و 5 رۆژییەکانی" ئەمریکا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.