ملیۆنێک کەس لە حەسەکە و دەوروبەری بێ ئاو دەکرێن
ئاژانسی سانا: گرووپەکانی سەر بە تورکیا وێستگەی عەلۆکیان وەستاندووە

K24 - هەولێر
گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا جارێكی دیكە ئاویان لەسەر شاری حەسەكە و گوندەكانی دەوروبەری بڕی و بەو هۆیەوە نزیکەی ملیۆنێک کەس بێ ئاو دەبن.
ئاژانسی سانای فەرمیی حكومەتی سووریا (یەکشەممە، 17-1-2021) رایگەیاند، "هێزە داگیرکەرەکانی تورکیا و ئەو گرووپانەی سەر بە تورکیان، دوای وەستاندنی وێستگەی ئاوی عەلۆک لە دەوروبەری شاری سەرێ کانیێی داگیرکراو، جارێکی دیکە ئاوی خواردنەوەیان لەسەر شاری حەسەکە و دەوروبەری بڕی".
مەحموود عوگلە، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئاو لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسە سوورییەکە دەڵێ، هێزەکانی تورکیا رێگەیان لە کارمەندانی وێستگەکە گرتووە لەوەی بەگەڕی بخەن و، بە ئەنقەست ئاوەکەیان گرتووەتەوە، بەمەش سەرچاوەی سەرەکیی ئاویان لە حەسەکە و دەوروبەری بڕیوە.
بەپێی ئاژانسی سانا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 18 جار بەردانەوەی ئاو لە وێستگەی عەلۆک راگیراوە، لەوەتەی ئەو هێزانە لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی 2019ـەوە لە دەوروبەری حەسەکە جێگیربوون.
گرتنەوەی ئاو لەکاتێکدایە؛ بەپێی رێككەوتنێك بە ناوبژیوانیی رووسیا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) كارەبا دەداتە وێستگەی عەلۆك، لە بەرامبەردا لەو وێستگەیەوە دەبێت ئاو بۆ حەسەكە دابین بكرێت.