ئاژانسێکی فەرمیی ئێران داوای کشانەوەی تاران لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی دەکات
ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی لە راپۆرتێکی شیکاریدا داوا دەکات تاران بەزووترین کات لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT) بکشێتەوە و رایدەگەیەنێت، ئەو پەیماننامەیە تەنیا بووەتە "ئامرازێکی سیخوڕی" بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ تێکدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ئاژانسی تەسنیم، ئاماژەی بەوە کردووە ئامانجی سەرەکیی پەیماننامەی NPT گوایە پاراستنی مافی وڵاتان بووە بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە، بەڵام بۆ ئێران ئەمە پێچەوانە بووەتەوە. راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە، ئیسرائیل هەرگیز نەبووەتە ئەندامی ئەم پەیماننامەیە و هیچ فشارێکیشی لەسەر نییە، لە کاتێکدا ئێران هەمیشە ئەندام بووە و تەنانەت لە رێککەوتنی "برجام"یشدا زیاتر لە پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەکانیش ئاسانکاری بۆ چاودێریکردن کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەندامێتی لە NPT هیچ سوودێکی بۆ ئێران نەبووە، بەڵکو تەنیا رێگەی خۆش کردووە بۆ ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رێگەی زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییەوە سیخوڕی بەسەر تارانەوە بکەن و کردەوەی تێکدەرانە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکاندا ئەنجام بدەن.
هەروەها ئاژانسەکە رەخنەی توند لە رافایێل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەگرێت و بە "بووکەڵەی دەستی واشنتن و تەلئەڤیڤ" ناوی دەبات. راپۆرتەکە دەڵێت، گڕۆسی بە ناڕاستەوخۆ "مۆڵەتی بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران"ی داوە کاتێک رایگەیاندووە کە دەکرێت تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە رێگەی بۆردوومانەوە لەناو ببرێن.
تەسنیم ئاماژە بە وتەیەکی دەیڤید ئالبڕایت، شارەزای ئەتۆمیی ئەمریکی دەکات کە پێشتر لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو "پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە راستیدا سەربازە پیادەکانی ئەمریکان". لە کۆتایی راپۆرتەکەدا جەخت کراوەتەوە کە چیدی پێویست ناکات ئێران لە پەیماننامەیەکدا بمێنێتەوە کە تەنیا بۆ "تێکدانی مافە ئاشتییانەکانی ئێران" بەکاردێت.