عێراق بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ رەت دەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رایگەیاند: کە حکوومەتی وڵاتەکەی هەر جۆرە دەستدرێژی و هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ئوردن رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە ئاسایشی وڵاتانی عەرەبیی دراوسێ و برا، بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق.
پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بەوە داوە، کە حکوومەت سوورە لەسەر گرتنەبەری هەموو رێکارە پێویستەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان بە پێی دەستوور و یاسا.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "عێراق پابەندیی خۆی بە سیاسەتی دەرەوەی هاوسەنگ و بونیادنانی پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش دووپات دەکاتەوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان."
هەروەها وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئامێرە ئەمنییەکانی عێراق لە هەماهەنگیی بەردەوامدان لەگەڵ هاوتاکانیان لە وڵاتانی دراوسێ و، ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ وەرگرتنی هەر زانیاری و بەڵگەیەک سەبارەت بە هەر هێرشێک کە لە خاکی عێراقەوە وڵاتانی دراوسێ بکاتە ئامانج، تاوەکوو بە شێوەیەکی بەرپرسانە و خێرا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، کە عێراق رێگە نادات خاکەکەی وەک شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکار بهێنرێت و حکوومەت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و بەهێزکردنی پەیوەندییە برایانەکان،
هاوکات وەزارەتەکە باسی لەوەش کرد، کە حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی جەنگ و گەڕانەوە بۆ دیالۆگی سیاسی بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی گشتی و ئابووریی ناوچەکە.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، هەمیشە باڵیۆزخانەی ئەمریکا، نێردە دیپلۆماسییەکان، بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
لە بەرانبەردا ئەمریکا چەندین جار بنکە و بارگەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق، لە ناوچە و پارێزگا جیوازەکانی دیکەی عێراق بە ئامانج گرتووە و چەندین سەرکردەی دیاریان کوژراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.