ئەردۆغان: بێدەنگ نابین بەرانبەر ئەو مەینەتییانەی رووبەڕووی دراوسێکانمان دەبنەوە
سەرۆککۆماری تورکیا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئێرانی کرد و رایگەیاند: کە ناوچەکە بە ئازارترین سەردەمی خۆی تێدەپەڕێنێت و "تۆڕێکی قڕکردن" کە پڕە لە رق و کینە، هەوڵی تێوەگلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کارەساتێکی گەورە دەدات.
پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "جەنگی سەر ئێران بۆنی خوێن و بارووتی بە ناوچەکەدا بڵاو کردووەتەوە، تا وای لێهاتووە منداڵانی بێتاوان لە ناو قوتابخانەکانیاندا دەبنە ئامانجی مووشەکەکان."
ئەردۆغان جەختی کردەوە، کە تورکیا جیاوازی لە نێوان برا و دراوسێکانیدا ناکات و بێدەنگ نابێت بەرانبەر ئەو ئازارانەی رووبەڕووی گەلانی ناوچەکە دەبنەوە.
هاوکات بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئێرانی کرد و رایگەیاند: کە ناوچەکە بە ئازارترین سەردەمی خۆی تێدەپەڕێنێت و "تۆڕێکی قڕکردن" کە پڕە لە رق و کینە، هەوڵی تێوەگلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کارەساتێکی گەورە دەدات.
ئەردۆغان رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت و گوتی: "حکوومەتی نەتانیاهۆ تەنیا بە ئامانجگرتنی ئێرانەوە نەوەستاوە، بەڵکو خەریکی جێبەجێکردنی پلانەکانیەتی بۆ داگیرکردنی هەنگاو بە هەنگاوی خاکی لوبنانیش."
سەرۆککۆماری تورکیا دووپاتی کردەوە، کە گەل و حکوومەتی تورکیا لە کاتی تەنگانەدا دۆست و براکانیان تەنیا جێناهێڵن و بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی گەلانی ستەملێکراو.