فوئاد حوسێن: ئێران داوای لێبوردنی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە کردووە

فوئاد حوسێن: ئێران بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات

وەزیری دەرەوەی عێراق و باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا کۆبوونەوە و تێیدا تیشکیان خستە سەر لێکەوتە ئەمنییەکانی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، سەرەخۆشی وڵاتەکەی گەیاندە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە و سەربازانی عێراقی لە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی سەر پارێزگای ئەنبار، حەبانییە و هەرێمی کوردستان.

لە بەرامبەردا، فوئاد حوسێن سەرەخۆشی ئاراستەی حکوومەتی فەرەنسا کرد بەهۆی کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەیان کە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن "گرووپە لەیاسا دەرچووەکانەوە" کرابووە ئامانج.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی ئێران داوای لێبوردنیان کردووە سەبارەت بەو هێرشەی کرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و رایانگەیاندووە "ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج بارەگای هێزەکانی پێشمەرگە نەبووە"، هەروەها تاران بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگ، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی گشتی لە ناوچەکەدا.