عێراقچی: بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە هەزار مامۆستا و قوتابی کوژراون

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکا و ئیسرائیل بێ بە زەییانە هێرشدەکەنە سەر قوتابخانە، ژێرخانی ئاو، ژێرخانی وزە و پاڵاوگەکان و  تاوانی دژە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، 27ـی ئاداری 2026، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لەرێگەی ڤیدیۆوە بەشداربوو رایگەیاند: بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا ئیسرائیل زیاتر لە هەزار مامۆستا و قوتابی کوژراون و بەشێکی دیکەیان برینداربوون.

عێراقچی ئاماژەی بەوە داوە، ئەمریکا و ئیسرائیل بێ بە زەییانە هێرشدەکەنە سەر قوتابخانە،ژێرخانی ئاو، ژێرخانی وزە و پاڵاوگەکان و  تاوانی دژە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن، ئەو شەڕەنگێزییەی دەیکەن بەرانبەر ئێران هۆکاری بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەبێتە هۆکاری ناسەقامگریی زیاتر و بەهاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەخەنە مەترسییەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: دەبێت تاوانباران بەهۆی تاوانەکانیان سەرکۆنە بکرێن. ئێران گەلێکی ئاشتیخوازە و داوای شەڕی نەکردووە، بەرگریی ئێران بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی پێویست بێت.

عەباس عێراقچی باس لەوە دەکات "ئیسرائیل و ئەمریکا قوتابخانەی شەجرە تەیبیان لە شاری میناب کردە ئامانج و 170منداڵیان کوشت، ئەو هێرشە بە هەڵە نەکراوە و رووداویش نەبووە، بەڵکو ئەمریکا لە رێگەی قسەی دژبەیەکەوە دەیەوێت خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە".