گەرووی هورمز بە رووی نەوتهەڵگرەکانی تایلانددا دەکرێتەوە

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، حکوومەتی تایلاند، گەیشتنی خۆی بە رێککەوتنێکی فەرمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاند، بە مەبەستی رێگەدان بە تێپەڕبوونی نەوتهەڵگرەکانی بە گەرووی هورمزدا، کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە کردەیی داخرابوو.

ئانووتین چارنڤیراکول، سەرۆکوەزیرانی تایلاند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە وردەکاریی رێککەوتنەکە کرد و گوتی: "لە ئێستا رێککەوتنێک کراوە کە رێگە دەدات بە نەوتهەڵگرەکانی تایلاند بە سەلامەتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبن، ئەمەش دەبێتە هۆی رەواندنەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستییەکانی سووتەمەنی بۆ وڵاتەکەمان."

ئەمە لەکاتێکدایە لەوەتەی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران دەستی پێکردووە، سوپای پاسدارانی ئێران گەرووی هورمزی بەرووی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان داخستووە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهان.