هاکان فیدان: ئەمریکا و ئیسرائیل ناوچەکە بەرەو جەنگێکی فراوان دەبەن

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، هۆشداری توندی دا لەوەی ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیان پێکردووە، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و مەترسیی هەیە بە تەواوی ناوچەکەدا بڵاوببێتەوە.

هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە ئەمڕۆ بڵاوبووەتەوە رایگەیاند، "ئامانجی یەکەمی ئێمە راگرتنی جەنگە، لە هەمان کاتدا زۆر گرنگە لامان کە رێگری بکەین لەوەی جەنگەکە زیاتر تەشەنە بسێنێت"، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ململانێیە بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی پێکردووە و رۆژ بە رۆژ مەترسیی فراوانبوونی زیاتر دەبێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد، پرۆسەی گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناخێکی دیاریکراو و گوتی، "پێدەچێت لە دانوستانەکاندا هەنگاوێک نرابێت، بە لایەنی کەمەوە گفتوگۆ دەستی پێکردووە و لە رێگەی وڵاتی پاکستانەوە پەیام لە نێوان لایەنەکاندا دەگۆڕدرێتەوە."

هاکان فیدان هۆشداری دا لەوەی ناوچەکە بەرەو "یارییەک" دەبرێت کە ئیسرائیل سیناریۆکەی نووسیوە و گوتی: "ئیسرائیل دەیەوێت وڵاتانی ئیسلامی بخاتە ناو ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ یەکتریدا، چاندنی تۆوی فیتنە وا دەکات کۆبوونەوەی دووبارەی موسڵمانان زۆر ئەستەم بێت، بۆیە ئامانجی تورکیا رێگریکردنە لەم پلانە."

هەروەها رەخنەی لە هەژموونی ئیسرائیل گرت لە ناو سیاسەتی ئەمریکادا و گوتی: "ئەمە چیتر تیۆری پیلانگێڕی نییە، بەڵکو بابەتێکی جدییە کە رۆشنبیرانیش باسی لێوە دەکەن."

وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە، کاری لە پێشینەی وڵاتەکەی بریتییە لە رێگریکردن لە جەنگ و دوورخستنەوەی تورکیا لە ئاگری ئەو ململانێیە، دەشڵێت، وڵاتانی کەنداو رووبەڕووی لێکەوتە خراپەکانی ئەم جەنگە بوونەتەوە و داوای لە ئەمریکا کرد ئەگەر رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا کرا، گوشارێکی راستەقینە بخاتە سەر ئیسرائیل.