وەزیری دەرەوەی تورکیا: بە هەموو توانایەک رێگری لە سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ناتانیاهۆ دەکەین
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، جیهان بە گشتی باجی ئەو شەڕە دەدات کە ئیسرائیل لە ناوچەکەدا هەڵیگیرساندووە، دەشڵیت، دیپلۆماسی تاکە رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە تەنگژەکان.
ئەم لێدوانەی هاکان فیدان لە میانی گوتارێکدا هات لە دووەم رۆژی لووتکەی نێودەوڵەتیی پەیوەندییە ستراتیژییەکان کە لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت، لەم لووتکەیەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان تێیدا بەشدارن، باس لە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئایندەی سیستەمی نێودەوڵەتی دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەنقەرە لە هەماهەنگییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری شەڕەکە، کە بە گوتەی ئەو "زیانی قەرەبوونەکراوە بە ئابووری جیهان دەگەیەنێت".
فیدان گوتیشی، "ئێمە بە توندی دژی هەر بارودۆخێکین کە وڵاتانی ناوچەکە پەلکێشی ناو ململانێیەکی مەترسیدار بکات، ئەمە تەنیا شەڕی ئیسرائیل نییە، بەڵکو هەموو جیهان باجەکەی دەدات؛ شەڕێکە تەنیا لەپێناو مانەوەی سیاسیی ناتانیاهۆ هەڵگیرساوە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشدارییدا لە چەواشەکاری بۆ شێواندنی راستییەکان لە بەرژەوەندی ئیسرائیل، جەختی کردەوە، تورکیا هەموو تواناکانی دەخاتە گەڕ بۆ رێگریکردن لە سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ناتانیاهۆ.
هاکان فیدان رەخنەی توندی لە پێکهاتەی ئێستای بەڕێوەبردنی جیهان گرت و گوتی: "ئیدارەدانی ئێستای جیهان ناتوانێت بەردەوام بێت، ئەوانەی پێشتر سوودمەند بوون لەم سیستەمە نادادپەروەرە، ئەمڕۆ دەرئەنجامی ئەو مۆدێلە دەبینن کە بە دەستی خۆیان دروستیان کردووە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فیدان ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کرد و بە "وێرانکەر و مەترسیدار" وەسفی کردن. دەشڵێت، "بەداخەوە ئەم شەڕەی ئەمریکا و ئیسرائیل بە نایاسایی دەستیان پێکردووە، مەترسی ئەوەی لێدەکرێت تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە، ئامانجی تورکیا لە سەرەتاوە رێگریکردن بووە لە هەڵگیرسانی شەڕ و پاراستنی وڵاتەکەمان لە تێوەگلان تێیدا."