سوودانی: رێگە نادەین عێراق پەلکێشی ناو ململانێکان بکرێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی نیشتمانی، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە حکوومەتەکەی رێگریی لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ تێوەگلانی عێراق لە ململانێ ناوچەییەکان.

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتەکەی سوودانی سوورە لەسەر رێگرێکردن لە هەر لایەنێکی لە یاسادەرچوو یان هێزێکی ناوچەی و نێودەوڵەتی، کە بیەوێت عێراق پەلکێشی ناو ململانێی و شەڕەکانی ناوچەکە بکات.

بە پێی راگەیەنراوەکە، هەموو هەوڵەکان خراونەتە گەڕ بۆ پاراستنی سەروەریی و ئاسایشی وڵات لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەکی گشتگیری نیشتمانیدا.

هاوکات هەر لە راگەیەنراوێکەدا، سوودانی جەختی لە هەماهەنگیی نیشتمانی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە کردووەتەوە.