سەرۆك بارزانی و وەزیری بەرگری توركیا كۆبوونەوە

لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە
كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و خولووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا
كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و خولووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا

K24 – ھەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی 1ـی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خولووسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە یاشار گولەر سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیا و هاكان كاراچای كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر و ژمارەیەك راوێژكار و كاربەدەستی وەزارەتی بەرگریی توركیا.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی توركیا ئامانجی سەردانەكەی بۆ بەغدا و هەولێر خستەڕوو، جەختی لەوە كردەوە كە سەقامگیریی و ئاساییشی ناوچەكە و، هەروەها پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ وڵاتەكەی بایەخێكی زۆری هەیە و راشیگەیاند، سەقامگیری و ئاساییش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و پێشكەوتنی ناوچەكە. لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداش وەزیری بەرگریی توركیا راگەیاند كە وڵاتەكەی خوازیارە هەموو كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر ببێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، جەختی لە بنەماكانی دۆستایەتی و دراوسێبوون لەنێوان هەردوولا كردەوە. هەروەها رۆشنایی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و تەحەدییات و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە.