ئەمریکا هۆشداریی دەداتە حکوومەتی عێراق
ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی بە حکوومەتی عێراق داوە ئەگەر هێرشی سەر گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنەداو رانەگرێ بە توندی لەو گرووپانە دەدات.
لیژنەی هەماهەنگیی نێوان عێراق و ئەمریکا سەبارەت بە هێرشی گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و نێردە دیبلۆماسییەکان و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپەکانی حەشدی شەعبی، دوێنی لە بەغدا کۆبوونەوە، بەڵام نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبووە.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند؛ ريککەوتن کراوە کە خاکی عیراق بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان بەکار نەهێندرێت و حکوومەتی عیراقیش پابەندە بەپاراستی نێردە دیپلۆماسییەکان.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بۆ کۆبوونەوەکە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عیراق بانگهێشتی نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگەی نەکردووە و تەنیا فەرماندە سەربازییەکانی خۆیان بەشداریان کردووە، لە کاتێکدا بە پێی دەستوور پێشمەرگە بەشێکە لە وەزارەتی بەرگریی عیراق و نوێنەریشیان لە نێو بینای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەبەغدا هەیە.
کوردستان24 زانیویەتی، لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی ئەمریکی هۆشداریان بە حکوومەتی عیراقداوە هێرشی گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو رابگرێت، ئەگەرنا ئەمریکا بە توندی رووبەڕووی ئەو گرووپانە دەبێتەوە، چونکە بەشێکی زۆری هێرشەکانی گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی بۆ وڵاتانی کەنداو ب ەتایبەتی سعوودییە، کوەیت و بەحرەین لە عیراقەوە ئەنجامدراون.
لە دوای راگەیاندنی ئەو رێککەوتنەی نێوان عیراق و ئەمریکا، لە شەوی رابردووەوە دووجار بنکەکانی حەشدی شەعبی لە واست و جورفلسەخر بۆردمانکراون.