ئومێد خۆشناو: لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە 300 هێرش کراوەتە سەر هەولێر

"هەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگی خۆراکی یەک ساڵە و دۆخی بازاڕ جێگیرە"

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند: کە لە ماوەی مانگێکدا پایتەختی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی زیاتر لە 300 هێرش بووەتەوە، جەختیشی کردەوە کە بەشی هەرە زۆری ئەو گرووپانەی هێرشەکان ئەنجام دەدەن، لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە مووچە وەردەگرن.

شەممە، 28ـی ئاداری 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان.

پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، کە تەنیا لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە 300 هێرش کراوەتە سەر هەولێر، کە لە ئەنجامدا 10 کەس شەهید بوون (6 پێشمەرگە، 3 هاووڵاتیی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاووڵاتییەکی فەرەنسی)، هەروەها نزیکەی 50 هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.

خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد کە 90%ـی ئەم هێرشانە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی ناو عێراقەوە ئەنجام دەدرێن کە مووچەخۆری حکوومەتی فیدراڵن. هاوکات داوای لە بەغدا کرد کە تەنیا بە سەرکۆنەکردن نەوەستێت و بە کردەیی سنوورێک بۆ ئەو گرووپانە دابنێت.

 

هێرشی ئێران و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

خۆشناو هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە "زووڵم و ستەمێکی گەورە" وەسف کرد، بە تایبەت شەهیدکردنی ئەو پێشمەرگانەی کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ململانێکانەوە نەبووە.

هاوکات جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991ـەوە تا ئێستا دراوسێیەکی راستگۆ بووە و هەرگیز هەڕەشە نەبووە بۆ سەر ئاسایشی ئێران، هەر بۆیە پێویستە تاران لە نیگەرانییەکانی هەرێم تێبگات.

پارێزگاری هەولێر شانازیی هەرێمی کوردستانی بە پێکەوەژیان و پەناگەبوونی بۆ لێقەوماوان دووپات کردەوە و رایگەیاند؛ ئێستا تەنیا لە هەولێر 344 هەزار ئاوارە و پەنابەر نیشتەجێن کە زۆرینەیان هاووڵاتییانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و کاربەدەستانی دەوڵەتن.

 

یەدەگی خۆراک و پڕۆژەی کارەبا

لە رووی ئابوورییەوە، پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دا کە پێداویستیی خۆراک بۆ ماوەی یەک ساڵ بەردەستە و هەرێم جگە لە ئێران، دوو دەروازەی دیکەی بۆ هاوردەکردنی کاڵا هەیە. 

هەروەها سەبارەت بە کارەبا، ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەی "رووناکی" بەردەوامە و تا کۆتایی ساڵی 2026، تەواوی هەرێم دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری، هەرچەندە بەهۆی هێرشەکانەوە بەرهەمهێنانی گاز کەم بووەتەوە.

 

سووتەمەنی و بودجە

خۆشناو رەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرت کە لە ناردنی بودجەی فریاگوزاری و پشکی نەوتی سپی ستەم لە هەرێم دەکات.

راشیگەیاند: کە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان بەرەو کۆتایی دەچێت و لە نێو شارەکانیش لەو زووانە دەست پێدەکات.

سەبارەت بە گازی ماڵانیش، جەختی کردەوە کە دابەشکردنی غاز بە نرخی پاڵپشتیکراو (8500 دینار) لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە بەردەوام دەبێت.

 

کەشناسی، لافاو و دەوامی فەرمی

لە بارەی بارودۆخی کەشوهەوا، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، کە تا ئێستا 625 ملم باران لە ناوەندیی شاری هەولێر باریوە و پڕۆژەکانی رووبەڕووبوونەوەی لافاو کاریگەریی ئەرێنییان هەبووە لە دروستنەبوونی لافاو.

دەشڵێت: بڕیار درا کە لە سبەی یەکشەممەوە دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت و ناوەندەکانی خوێندن بەبێ کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن دەست پێبکاتەوە.

سەبارەت بە مۆلیدە ئەهلییەکان، ئومێد خۆشناو، گوتی: کە تا 1ـی 4 کارکردنیان بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر دۆخی کارەبای نیشتمانی ئاسایی نەبێتەوە، ماوەی کارکردنیان بۆ درێژ دەکرێتەوە.