ئەوروپا هۆشداری دەداتە کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوەکانی یەمەن دوورکەونەوە

دامەزراوەی ئەسپیدس داوا لە کەشتیە بازرگانییەکان دەکات لە ئاوەکانی یەمەن دوور بکەونەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە  گرووپی 'ئەنساروڵڵا'ـی سەر بە حووسیەکان هاتنە نێو جەنگی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل.

دامەزراوەی ئەسپیدس لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، داوا لە کەشتیە بازرگانییەکان دەکەین لە ئاوەکانی یەمەن دوور بکەونەوە، روونیشیکردەوە، ئاستی مەترسییەکان بۆ ئەو کەشتیانەی کە پەیوەندییان بە ئیسرائیل و ئەمریکاوە نییە مامناوەندە.

ئاسپیدیس ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان لە ناوچەکەدا چاودێری دۆخەکە دەکەن و لە ئامادەباشیدان.

ئەسپیدس لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بەمەبەستی پاراستن و بەرگریکردن لە کەشتییە بازرگانییەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دامەزراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، هێزەکانیان یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی بۆ سەر ئامانجە هەستیارەکانی سەربازیی ئیسرائیل لە باشووری ئەو وڵاتە ئەنجام داوە.

گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هێرشە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشوویانە بۆ دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئێران، لوبنان، عێراق و فەلەستین لە بەرانبەر هێرشەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

 هەروەها روونیشی کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکەیان هاوکات بووە لەگەڵ هێرشەکانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان و ئامانجەکانی خۆی بەسەرکەوتوویی پێکاوه.

گوتەبێژی حووسییەکان ئەوەشی خستە روو، هێرشەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکوو ئامانجە راگەیەنراوەکانیان بەدی دەهێنن و ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر تەواوی بەرەکانی ناوچەکە دەوەستێنێت.

حووسییەکانی یەمەن یەکێکن لەو گرووپە چەکدارانەی خۆیان بە بەشێک لە بەرەی دژایەتیکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل دەزانن.