ئێران: کارەبای تاران و ئەلبۆرز ئاسایی بووەتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێرش کرایە سەر ژێرخانی کارەبای تاران و پارێزگای ئەلبۆرز، ئەمڕۆ کارەبای هەردوو شارەکە ئاسایی بووەتەوە.
جێگری وەزیری وزەی ئێران بە تەلەفزیۆنی ئێرانی راگەیاند، "تۆڕی کارەبای وڵات سەقامگیرە و کێشەکانی تاران و ئەلبۆرز چارەسەر کراون."
عەباس عەلی ئابادی وەزیری وزەی ئێران دوێنێ یەکشەممە رایگەیاند، هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەکانی کارەبا لە تاران و پارێزگای ئەلبۆرز.
وەزیرەکە روونیشیکردەوە، لە تاران و کەرەج پچڕانی کارەبا هەبووە و ئاماژەی بەوەدا، "تیمە تایبەتمەندەکانی چاککردنەوە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەکەن."