بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار؛ نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبووەتەوە
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەیەکی کەم بەرزبووەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلار، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی وزە و مەترسییەکانی هەڵاوسان بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە، رێگرییان لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی ئەو کانزا زەردە کردووە.
دووشەممە 30 ئاداری 2026، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، کاتژمێر 03:30ـی بەرەبەیان، نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 0.3% بەرزبووەوە و گەیشتە 4505.86 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. هەروەها گرێبەستە ئایندەییەکانی ئەمریکا بۆ مانگی نیسان بە رێژەی 0.3% بەرزبوونەوە و گەیشتنە 4535.80 دۆلار.
دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی وایکردووە ئەو کاڵایانەی بە دۆلار دەخەمڵێندرێن، بۆ خاوەن دراوەکانی دیکە هەرزانتر بکەوێت. لەو بارەیەوە نیکۆلاس فرابڵ، بەڕێوەبەری جیهانی بۆ بازاڕە دامەزراوەییەکان لە (ABC Refinery) رایگەیاند: "جووڵەی نرخەکانی زێڕ لە هەفتەی رابردوودا ئاماژە بوو بۆ پەرچەکردار بەرانبەر بە دۆخی فرۆشتنی زۆر، ئەگەری گۆڕانی ئاراستەی دابەزینەکان لە ئارادایە، بەڵام پێویستە ئەمە لە رێگەی جووڵەی نرخەکان لەم هەفتەیەدا پشتڕاست بکرێتەوە."
هاوکات نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە 115 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، دوای ئەوەی لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا حوسییەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، ئەمەش بووە هۆی فراوانبوونی مەودای جەنگ و زیاتربوونی کێشەکانی هەڵاوسان. بەهای نەوت تەنیا لە مانگی ئاداردا بە رێژەی 60% بەرزبووەتەوە کە ریکۆردێکی مانگانەی مێژووییە.
وەبەرهێنەران پێیان وایە هەلی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بۆ ئەمساڵ کەمبووەتەوە، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی وزە دەبێتە هۆی زیاتربوونی هەڵاوسان. هەرچەندە هەڵاوسان بە شێوەیەکی گشتی سەرنجڕاکێشی زێڕ زیاد دەکات، بەڵام بەرزبوونەوەی سوودی بانکی پەستان دەخاتە سەر خواست لەسەر زێڕ، چونکە زێڕ کانزایەکە کە سوودی لەسەر وەرناگیرێت.
زێڕ لەم مانگەدا زیاتر لە 14%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە، کە گەورەترین دابەزینی مانگانەیە لە دوای تشرینی یەکەمی 2008ـەوە، ئەمەش بەهۆی بەهێزیی دۆلارەوە بووە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتەوە، بە رێژەی 2% بەرزبووەتەوە.
سەبارەت بە کانزا بەنرخەکانی دیکە، نرخی زیو لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 0.8% بەرزبووەوە و گەیشتە 68.67 دۆلار، پلاتین بە رێژەی 2.5% بۆ 1909.45 دۆلار و پالادیۆمیش بە رێژەی 3.2% بۆ 420.63 دۆلار بەرزبوونەوە.