وەزارەتی بەرگریی عێراق: بە هێرشێکی مووشەکی فڕۆکەیەکی سەربازی لە بەغدا تێکشکێندرا
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی چەند مووشەکێکی "گراد"ـەوە هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە بەغدا و بەهۆیەوە فڕۆکەیەکی سەربازیی جۆری (Antonov-132) تێکشکێندراوە.
دووشەممە 30ی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کاتژمێر 01:55ـی دوای نیوەشەو، بنکەی ئاسمانیی "شەهید محەممەد عەلا" بە مووشەکی گراد 122 ملم کراوەتە ئامانج، کە لە دەوروبەری بەغداوە ئاراستە کرابوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا فڕۆکەیەکی جۆری (Antonov-132)ـی سەر بە هێزی ئاسمانیی عێراق بەتەواوی تێکشکێندراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە رێکارە پێویستەکان کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان و دۆزینەوەی سەرچاوەی ئاراستەکردنی مووشەکەکان.
وەزارەتی بەرگریی ئەو هێرشەی بە "کارێکی تاوانکاریی ترسنۆکانە" ناوبرد کە دامەزراوە سەربازییەکان و توانای بەرگریی وڵات دەکاتە ئامانج. جەختیشی کردەوە، هێزە ئەمنییەکان پارێزەری گەل و نیشتمانن و دەستبردن بۆ چەک و کەرەستە و فڕۆکە جەنگییەکان، کارێکی تێکدەرانەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی عێراق.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "وەزارەت لە راوەدوونانی ئەوانەی دەست بۆ ئاسایش و سەروەریی عێراق دەبەن سڵ ناکاتەوە و ئەم کارانە نابنە رێگر لەبەردەم ئامادەباشیی هێزەکانمان، وەڵامەکەشمان لە چوارچێوەی یاسا و بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات، توند دەبێت."