ئێران: ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر وێستگەی ئاوی کوەیت و ئێمەش تۆمەتبار دەکات
گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر وێستگەی ئاوی کوەیت بۆ ئەوەی ئێران تۆمەتبار بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر وێستگەیەکی شیرینکردنی ئاو لە وڵاتی کوەیت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هێرشەی ئیسرائیل بە مەبەستی دروستکردنی بەڵگەی ساختە بووە بۆ ئەوەی پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئێران بکرێت و نێوانی وڵاتانی ناوچەکە تێکبدرێت.
گوتەبێژەکە باسی لەوەشکرد، ئەم کارە بەشێکە لە پیلان و ئاژاوەگێڕییەکانی ئیسرائیل بۆ نانەوەی پشێوی.
بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا داوا لە وڵاتانی ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا دەکات کە وشیار بن بەرامبەر ئەو فیتنە و ئاژاوانەی کە دوژمنان دەینێنەوە بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە.