دیندار زێباری: بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان سەرچاوەی دارایی گرووپە لە یاسا دەرچووەکانە
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی دارایی بۆ گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کەلێنی ئەمنیی لە سنوورەکان دروست کردووە و قاچاخچییەکان سوودی لێ دەبینن.
د.دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییەکی نەرێنیی بەرچاویان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە هەیە، بەتایبەت لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و ماددە کارلێکەرە عەقڵییەکان.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ناسەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا دەبێتە هۆی سستبوونی سیستەمی کۆنترۆڵی سنوورەکان لە وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش دەرفەتی زیاتر بۆ تۆڕەکانی تاوانی رێکخراو دەڕەخسێنێت بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانیان لە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکاندا.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی رووداوەکانی دوایی ناوچەکە، بەتایبەتی شەڕەکەی 28ـی شوباتی 2026، سەرنجی هێزە ئەمنییەکان لە زۆربەی وڵاتانی دەراوسێ بەرەو بەرگری و کارە سەربازییەکان ئاراستە بووە، ئەمەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر دروستبوونی کەلێنی ئەمنیی لە سنوورەکاندا هەبووە. بەم شێوەیە، تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە شێوەیەکی سیستماتیک سوود لەم بارودۆخە وەردەگرن بۆ دۆزینەوەی رێگەی نوێی گواستنەوە و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، بەتایبەت لە ناوچە ترانزێتییەکاندا.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان تەنیا بابەتێکی تەندروستی گشتی نییە، بەڵکو بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی دارایی بۆ گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، کە بەو شێوەیە توانای بەردەوامبوونیان لە ئاڵۆزی و شەڕەکاندا زیاد دەکات."
دیندار زێباری جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم کێشانە تەنیا وەک مەسەلەیەکی ئەمنیی نابینرێن، بەڵکو پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤەوە هەیە. لەو پێناوەدا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان (UNODC) کرد بۆ زیادکردنی هاوکارییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە بوارەکانی بەهێزکردنی چاودێریی سنوورەکان و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری.
لە کۆتاییدا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی ستراتیژییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی کۆمەڵگە.