سەدر دژی ئیسرائیل و ئەمریکا داوای خۆپیشاندان لە خەڵکی عێراق دەکات
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکی دەستنووسی دا، دژی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، داوای خۆپیشاندانێکی سەرتاسەر لە خەڵکی عێراق دەکات، هاوکات داواشی لە لایەنە ئەمنییەکان کردووە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ئاداری 2026، بە بڵاوکردنەوەی دەستنووسێک، داوای لە خەڵکی عێراق دەکات، شەممەی داهاتوو بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا خۆپیشاندان بکەن.
سەدر لە دەستنووسەکەیدا دەڵێت "داوا لە گەلی عێراق دەکەم، بە هەموو پێکهاتە و لایەنەکانییەوە، شەممەی داهاتوو لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقی خۆشەویست بۆ شەرمەزارکردنی دەستدرێژیی دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا خۆپیشاندان بکەن و داوای ئاشتی لە تەواوی ناوچەکەدا بکەن".
داواشی کردووە "پێویسته خۆپیشاندان به ئاشتیانە و هێمنانه، بە شێوەیەکی به رێکخراو لە هەموو لایەنەکانییەوە بەڕێوە بچێت، هەروەها دروشمەکان یەک بن و جگە لە ئاڵای عێراق، هیچ ئاڵایەکی دیکە هەڵ نەکرێت".
موقتەدا سەدر لە پەیامەکەیدا، نووسیویەتی "خۆپێشاندانەکە کاتژمێر 4:30 ی ئێوارەی شەممەی داهاتوو 30ی ئاداری بەڕێوە دەچێت و تاوەکوو خۆرئاوا بوون بەردەوام دەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەی هەمووان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان".
هەروەها رێبەری رەوتی سەدر داواشی لە دامەزراوە ئەمنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.