بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر: پێشبێنی دەکرێت نرخی‌ غاز دابەزێت

دابەشکردنی غازی حکوومی بەردەوامە و سبەی سێشەممە لە هەولێر 30 هەزار بوتڵی دیکە دابەش دەکرێت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دابەزاندنی نرخەکەی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دابەشکردنی غازی حکوومی بەگوێرەی ئەو خشتەی دانراوە دابەش دەکرێت، سبەی سێشەممە 30 هەزار بوتڵ غازی دیکەی حکوومی دابەش دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، رۆژانە تەنیا سێ بۆ چوار تانکەری غازی ماڵان دەگاتە هەولێر بۆیە پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ زۆر قورسە.
سالار محەممەد باسی لەوەش کرد، بەگوێرەی ئەو کارتەی هاووڵاتییان هەیانە، مانگانە دوو بوتڵ غازیان پێ دەدرێت، لەگەڵ دابەشکردنی غازی حکوومی غازی بازرگانیش نرخەکەی هەرزانتر دەبێت، پێشبێنی دەکەین لە رۆژانی داهاتوودا نرخەکەی زیاتر دابەزێت.
لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕیوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمەشی گوت: تاوەکو بارودۆخی ناوچەکە بەمشێوەیە بێت نرخەکەی سەقامگیر نابێت، "بەڵام چاوەڕێی هەواڵی خۆش دەکەین لە داهاتوویەکی نزیکدا".
زیاتر گوتی: بە وردی چاودێری دابەشکردنی دەکرێت، هەر بریکارێک بەگوێرەی کارتی هاووڵاتییان غاز دابەش نەکات، بێ بەش دەبێت لە دابەشکردنی غاز.
جەختی کردەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆیە ئەوەی بتوانێت غازی زیاتر بە هاووڵاتییان بدات و نرخەکەی دابەزێت.