بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە 421 تۆڕی کارەبای تاران گەیشتووە
250 تیمی چاککردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا لە تاران جێگیرکراون
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای تاران رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەوە 421 خاڵی تۆڕەکانی کارەبا زیانیان بەرکەوتووە.
کامبیز نازریان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای تاران بە میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 421 خاڵ لە دامەزراوە و تۆڕەکانی کارەبای پارێزگاکە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم دواییەدا زیانیان بەرکەوتووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 16 رووداوی نوێی زیانپێکەوتن لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە تۆمار کراون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیشی کردەوە، تۆڕەکانی کارەبا لە ناوچەکانی روباتکەریم، شەهریار، بوستان، چواردانگە، کەهریزەک و پیشەوا بەسەختی بۆردومان کراون.
لە کۆتاییدا ئەوەشی خستە روو، 250 تیمی کارکردن لە ناوچە جیاوازەکاندا جێگیر کراون و سەرەڕای فراوانیی ناوچە زیانبەرکەوتووەکان، کارەکانی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکە بە خێرایی کراون و لە کورتترین ماوەدا کارەبا گەڕێندراوەتەوە.
لە ماوەی رابردوودا گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دیکە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە و خزمەتگوزاری، بەتایبەت تۆڕەکانی کارەبا، بووەتە بەشێک لە ستراتیژیی هێرشەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە.
ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی کردووەتە سەر ژیانی هاووڵاتییان و بووەتە هۆی پچڕانی بەردەوامی کارەبا لە زۆربەی پارێزگاکان، بەتایبەت لە تارانی پایتەخت.
پێشتریش چەندین جار دامەزراوەکانی وزە لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران رووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی و بۆردومانی راستەوخۆ بوونەتەوە، ئەمەش وای کردووە حکوومەتی تاران هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ئەو دامەزراوانە چڕتر بکاتەوە.