ژیانی هاووڵاتییانی کەرکووک بەهۆی بارەگاکانی حەشدی شەعبییەوە کەوتووەتە مەترسییەوە

 هەبوونی بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ناوەڕاستی شاری کەرکووک ترس و دڵەڕاوکێی لەلای هاووڵاتییان دروست کردووە و داوا دەکەن، ئەو بارەگایانە ببرێنە دەرەوەی شار تاوەکو ژیانیان لە هێرشەکان پارێزراو بێت.

هێزەکانی حەشدی شەعبی چەندین بنکە و بارەگای سیاسی و سەربازییان لە ناو شاری کەرکووک هەیە و بەشێکی زۆریان چۆڵ کراون، ئەوانەی ماونەتەوەش بەردەوام دەکرێنە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکان.

جگە لەو بنکانەی چۆڵ کراون، نۆ بنکە و بارەگای دیکەی حەشدی شەعبی لە کەرکووک هەن. ئەم دۆخە ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵکی مەدەنی دروست کردووە، بەتایبەت ئەو ماڵانەی نزیکن لە بارەگاکانەوە.

دانیشتووانی کەرکووک لە بازاڕ و کۆڵانەکاندا ترسیان هەیە بارەگاکانی حەشدی شەعبی بکرێنە ئامانج. لەم بارەیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی شارەکە بە کوردستان24ـیان رایگەیاند، بوونی ئەو بارەگایانە لە ناو شاردا زیان بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت و مەترسی لەسەر قوتابخانە و ماڵەکان دروست دەکات.

ئەو هاووڵاتییانە روونیشیان کردەوە، پێویستە بۆ پاراستنی گیانی خەڵک ئەو بارەگایانە بۆ دەرەوەی شار بگوێزرێنەوە، چونکە لە ئێستادا ژیانیان لە مەترسیدایە.

بەپێی زانیارییەکان لە ناو کەرکووک چوار جۆر هێزی حەشدی شەعبی بوونیان هەیە. بەشێکیان بە مووشەک بنکە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج و لە نوێترین رووداویشدا دەست بەسەر چەند سەکۆیەکی مووشەکیدا گیرا، ئامادە کرابوون بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی کەی وەن لە کەرکووک.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەتایبەت دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی حەشدی شەعبی هاتوونەتە ناو شاری کەرکووک و چەندین بارەگای سەربازی و سیاسییان لە ناو گەڕەکەکانی شارەکەدا کردووەتەوە.