سبەی چوارشەممە پشووی فەرمییە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی چوارشەممە لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت پشووی فەرمییە و رۆژی پێنجشەممەش دەوام ئاساییە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، بەپێی رۆژژمێری فەرمیی حکوومەت و بەبۆنەی سەری ساڵی بابلی ئاشووری-بابلی کلدانی (ئەکیتۆ)، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئاماژەی بەوەشکرد، لە دامودەزگا خزمەتگوزارییەکاندا دەوام بەشێوەی ئێشکگری بەردەوام دەبێت و  رۆژی پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026، دەوامی فەرمی دەست پێ دەکاتەوە.

لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی 1ـی نیسانی هەموو ساڵێک کراوەتە پشووی فەرمی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری، هەروەها ئەم پشووە لە رۆژژمێری پشووەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جێگیر کراوە و لە ساڵی 1992ـەوە بە فەرمی ئەم جەژنە پیرۆز دەکەن.

جەژنی ئەکیتۆ 12 رۆژ بەردەوام دەبێت و لە هەرێمی کوردستان دا هاووڵاتییانی مەسیحی بە چەندین چالاکی جیاواز لەم جەژنە خۆشی خۆیان دەردەبڕن.