پێنج کەس لەسەر رووداوەکەی شەوی رابردووی کەورگۆسک دەستگیر کراون
پۆلیس و ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: لەسەر رووداوەکەی شەوی رابردووی کەورگۆسک پێنج کەس دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و ئاسایشی هەولێر بڵاویانکردەوە، شەوی رابردوو، لە ناحیەی کەورگۆسکی سەر بە شاری هەولێر، لەسەر کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی لە نێوان دوو بنەماڵەدا رووداوێکی تەقەکردن روویدا و بوە هۆی کوژرانی شەش کەس و بریندار بوونی سێ کەسی دیکە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، دەست بەجێ هێزەکانمان لە( بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر) و ( بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ) لە شوێنی رووداوەکە ئامادەبوون.
لەسەر ئەم رووداوە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر پێنج تۆمەتبار دەستگیر کراون بەناوەکانی ( م ، م ، ع ) و ( ع ، م ، ع ) و ( م ، م ،م ) و ( د ، ر ، م ) و ( ش ، ر ، م )، هەروەها دەستیشمان گرتووە بەسەر 20 پارچە چەکی جۆری سوک و مام ناوەند و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان ئاراستەی دادگای کراوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.