ئێران هەڕەشە لە چوار کۆمپانیای جیهانیی دەکات

ئێران هۆشداریی دەداتە وڵاتانی رۆژئاوا، کە چیدیکە تەنیا هێزە سەربازییەکان ئامانج نین، بەڵکو کۆمپانیا تەکنەلۆژییە باڵاکانیش باجی تیرۆرکردنی سەرکردە ئێرانییەکان دەدەن.

سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: ئەگەر تیرۆرکردنی سەرکردە ئێرانییەکان بەردەوام بێت، لق و بەشەکانی کۆمپانیا گەورە تەکنەلۆژییە ئەمریکییەکان وەک "ئەپڵ، گووگڵ، مێتا و تێسلا" لە ناوچەکە دەکرێنە ئامانج.

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کرد، ئێوارەی سبەی باڵەخانەی ئەم کۆمپانیانە دەکرێنە ئامانج و بۆردومان دەکرێن. سوپاکە هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ "تێوەگلانی" ئەو کۆمپانیایانە لە کردارە هەواڵگری و سەربازییەکانی دژ بە تاران گەڕاندووەتەوە. 

هەروەها داوای لە فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوانە کردووە دەستبەجێ بارەگاکان چۆڵ بکەن تاوەکو گیانیان پارێزراو بێت.

 پەیامەکە هۆشدارییەکی راشکاوە کە تاران دەیەوێت هاوسەنگیی هێز لە رێگەی لێدانی بەرژەوەندییە ئابووری و تەکنەلۆژییەکانی ئەمریکاوە بپارێزێت.