بەهۆی پاشماوەی درۆنەکان زیان بە چەند ماڵێکی هەولێر کەوت
لە پەرەسەندنێکی ئەمنیی مەترسیداردا، شەوی رابردوو ئاسمانی هەولێر بووە مەیدانی تێکشکاندنی دەیان درۆنی خۆکوژ. هەرچەندە هێرشەکان لە ئاسماندا پووچەڵکرانەوە، بەڵام کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی درۆنەکان بۆ ناو گەڕەکە مەدەنییەکان، زیانی مادیی گەورەی بە ماڵی هاووڵاتییان گەیاند
پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، کە بەپێی زانیارییەکانی پارێزگاری هەولێر، شەوی رابردوو سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، زیاتر لە 20 درۆن لە ئاسمانی شارەکەدا تێکشکێندراون. ئەم پەرەسەندنە بووەتە هۆی ئەوەی پارچەی درۆنەکان بەسەر چەند گەڕەکێکی بکەونە خوارەوە.
لە یەکێک لە گەڕەکە مەدەنییەکانی هەولێر، درۆنێکی تێکشکێندراو کەوتووەتە سەر سەربانی ماڵێک و کونی گەورەی لە سەقفی هۆڵی دانیشتنی ماڵەکەدا دروست کردووە. خاوەن ماڵەکە کە هاووڵاتییەکی عەرەبە، بۆ کوردستان24 گوتی: "ئێمە خەوتبووین کاتێک دەنگی تەقینەوەیەکی زۆر بەهێزمان بیست، هەموو شوشە و پەنجەرەکانی ماڵەکەمان شکان و ئاگر لە ناو هۆڵەکەدا کەوتەوە. ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە سێیەم یان چوارەم جارە ماڵەکەیان بەهۆی ئەم شەڕەوە زیانی بەردەکەوێت.
سەرەڕای ئەوەی هێرشەکان زیانی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام زیانە مادییەکان زۆرن؛ تەلەڤزیۆن، کەلوپەلی ناوماڵ و تەنانەت ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانیش لەو ناوچانە زیانیان بەرکەوتووە. یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە باسی لەوە کرد کە منداڵ و ژنەکان تووشی بارێکی دەروونیی زۆر خراپ بوون بەهۆی بەهێزیی دەنگی تەقینەوەکان و ئەو وێرانکارییەی لە ناو ماڵەکانیاندا دروست بووە.
دەستبەجێ دوای ڕووداوەکان، تیمەکانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش و ئەمبوڵانس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و پێشکەشکردنی هاوکاریی پزیشکی.