ئیسماعیل بەقایی: پەیامێکی دانوستانمان بەدەست گەیشتووە بەڵام ئەمریکا جددی نییە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پەیامی دانوستانیان لە رێگەی ناوبژیوانانەوە پێ گەیشتووە بەڵام ئەمریکا لەم بابەتەدا جددی نییە و هێزەکانیان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەن.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ لە رێگەی ناوبژیوانانەوە، لەوانەش پاکستان، پەیامی ئەمریکامان بۆ دانوستان پێگەیشتووە، بەڵام ئەزموونی ساڵی رابردوو دەریخستووە کە واشنتن لە دیپلۆماسیدا جددی نییە و هەر کاتێک باس لە گفتوگۆ دەکەن، مەبەستێکی فێڵبازانەیان لە پشتە.

سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، بەقایی گوتی، "هەمووان دەزانن چەکی ئەتۆمیمان نییە و بەرنامەکەمان ئاشتییانەیە، ئەم جەنگەی ئێستا بەسەر ئێران و ناوچەکەدا سەپێنراوە و پاشهاتەکانی لە دەرەوەی ناوچەکەش دەبینرێن."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوەش کردەوە، تاران لە دۆخی بەرگریدا دەمێنێتەوە و هێزە چەکدارەکانیان بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەن و دوژمنان لە کردەوەکانیان پەشیمان دەکەنەوە.

ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوەش دا، گرژییەکانی ناوچەکە ئەنجامی راستەوخۆی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلن، کە کاریگەرییان کردووەتە سەر ئاسایشی کەنداو، دەریای عومان و گەرووی هورمز، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئابووری جیهانی.